ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، لە دیوانی پارێزگای هەولێر و بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی د. عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هێمن قادر جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزاری، ئەمنی و سەربازییەکان، بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی لافاوەکەی دوێنێی هەولێر کۆبوونەوە، کە بەهۆی بارانێکی بەخوڕەوە لە بەشێک لە گەڕەکەکان دروستبوو و زیانی گیانی و ماددیی لێکەوتەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ڕووداوەکە دەربڕی، هاوکات سوپاس و پێزانینی ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە لە شەوی ڕابردووەوە بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی نائاسایی شارئ هەولێر، هەروەها سوپاسی سەرجەم تیمەکانی کرد بۆ خێرایی بەدەمەوەچوونی هاووڵاتییان و زیانلێکەوتووان.
لە کۆبوونەوەکەدا، پێنج بڕیاری گرنگ و بەپەلە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا پەسەند کران، کە بریتین لە:
1. پێکهێنانی ژوورێکی هاوبەش: بۆ دەستبەجێ پاککردنەوەی شەقام، کۆڵان و ئەو شوێنانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە قوڕولیتە و پاشماوەیان تێدا کۆبووەتەوە.
2. پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە: بە مەبەستی دیاریکردنی هۆکارەکانی دروستبوونی لافاوەکە.
3. تۆمارکردنی زیانەکان: ڕاسپاردنی بەشی قەیرانەکانی پارێزگا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ خەمڵاندن و تۆمارکردنی سەرجەم زیانە ماددییەکانی هاووڵاتییان.
4. پاککردنەوەی ڕێگاوبان: ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان و ڕێگاوبانی هەولێر بۆ خاوێنکردنەوەی سەرجەم ڕێگاوبانەکانی دەوروبەر و دەرەوەی شار.
5. ڕێکخستنەوەی ئاودێری: ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری بۆ خاوێنکردنەوە و ڕێکخستنەوەی کەند، پرد و پۆندەکان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر سوپاسی سەرجەم ئەو پارێزگارانەی کرد کە پەیوەندییان پێوە کردووە و ئامادەیی و پشتیوانیی خۆیان بۆ هەر ئەرک و هاوکارییەک نیشان داوە؛ هاوکات سوپاسی تەواوی تیمە خۆبەخشەکان، دەزگا خێرخوازییەکان و هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کرد کە لە کاتی ڕووداوەکەدا هاوکار بوون.







