بە پێی پێشبینیەکانی هەڤاڵ صدیق گەڵۆزی شارەزایەکیی کەشناسی، ئەمشەو ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ساردترین ناوچە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، تێیدا لە سەنتەری حاجی ئۆمەران و چۆمان پلەی گەرما (-6 بۆ -7) پلەی سیلیزی لە ژێر سفر دادەبەزێت، هەروەها لە ناوچەکانی وەک "ئالانە" و "کلزیر" پلەی گەرما نزمترین ئاست تۆمار دەکات و دەگاتە 10- پلەی سیلیزی.
لە پلەی دووەمدا، ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سلێمانی و دهۆک دێن، بەتایبەت لە ناوچەکانی (ماوەت، چوارتا، گەرمک، باسنێ و پێنجوێن) کە پلەی گەرما لە ژێر سفر دەبێت، لەو سنوورەشدا قەزای پێنجوێن بە تۆمارکردنی 4- پلەی سیلیزی لە ژێر سفر ساردترین ناوچەی پارێزگای سلێمانی دەبێت. هاوکات لە درەنگانی شەو تا بەرەبەیان لە سەنتەری شاری سلێمانیش پلەی گەرما دەچێتە ژێر سفری سیلیزی.
هەر بەپێی پێشبینیەکان، لە ناوچە دەشتاییەکانی سنووری پارێزگاکانی هەولێر، کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان، لە کاتەکانی درەنگانی شەودا کەشوهەوا بەرەو ساردییەکی تەواو دەچێت و پلەی گەرما بۆ خوار 10 پلەی سیلیزی دادەبەزێت.







