وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر داواکاریی فەرمیی ئەوان، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر دابینکردنی بڕی پێویستی غازی شل بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، تا ئەو کاتەی پرۆسەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئاسایی دەبێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە 9ی تشرینی دووەم، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی ڕاسپاردووە تاوەکو بە شێوەیەکی خێرا بڕی پێویستی غازی شل ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی.
هاوکات، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دڵنیایی تەواو دەداتە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و جەخت دەکاتەوە کە هەموو ڕێکار و هەوڵێکی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا و تا گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی غازی کێڵگەی کۆرمۆر بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، هیچ گرفت و کەموکوڕییەک لە دابینکردنی غازی ماڵاندا دروست نەبێت و بازاڕەکان تووشی قەیران نەبن.







