لە ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی پارتیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 9ی تشرینی دووەم، بڵاوکرایەوە هاتووە: ئاماژە بە پەیامە دەستپێشخەرییەکەی ئەمڕۆی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و بە ئامانجی تێپەڕاندنی بنبەستە سیاسییەکان، بە گەرمی پێشوازی لەم پەیامە دەستپێشخەرییە گرنگەی جەنابیان دەکەین.
مەحموود محەمەد جەختی کردەوە: ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕۆشنایی دەستپێشخەرییەکەی جەنابی سەرۆکدا ئامادەین بۆ گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ برایانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مەبەستی چارەسەری کێشەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان.
هاوکات گوتەبێژی پارتی ئامادەیی حزبەکەی بۆ سازدانی گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و گوتی: ئامادەین بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێم، تاوەکو پێکەوە وەڵامدەرەوەی ویست و ئیرادەی هاونیشتمانیانمان بین و ئەم قۆناغە بە سوودی گەل و نیشتمانەکەمان تێپەڕێنین.







