ئەمڕۆ سێشەممە 10ی تشرینی دووەم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە باڵەخانەی پارێزگەی هەولێر، لەگەڵ (ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات)ی هەولێر کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ڕاپۆرتێکی دەربارەی هۆکارەکانی ڕووداوی لافاوی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە چەند گەڕەکێکی هەولێر پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هۆکارێکی سەرەکی ڕووداوەکە، بارینی ڕێژەیەکی زۆری باران بوو لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، هەروەها چەندین پێشنیاریشی بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوی هاوشێوە خستەڕوو.
سەرۆکی حکوومەت، وێڕای دووپاتکردنەوەی هاوخەمی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری ئەو دوو کەسەی لە ڕووداوەکە گیانیان لەدەستدا، سوپاسی ژووری ئۆپەراسیۆن و هەموو تیم و فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت و هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دامەزراوەی (کوردستان فاوەندەیشن )ی کرد بۆ ئامادەکارییان و کاری بەردەوامییان بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان و لێقەوماوان.
سەرۆکی حکوومەت، جەختیشی کردەوە کە دەبێت بە دواداچوون بکرێت و لێکۆڵینەوەی پێویست بکرێت بۆ ئەوەی بزانین چۆن خۆمان بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ئەگەرەکانی ڕووداوی هاوشێوە ئامادە بکەین.
سەرۆکی حکوومەت داواشی لە هاووڵاتییان کرد لە پێناو پاراستنی سەلامەتی خۆیان پابەندی ڕێنماییەکان بن و هاوکار و یارمەتیدەری تیمەکانی فریاکەوتن بن، هەروەها داوای کرد هاووڵاتییان یارمەتیدەریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتیش بن لە پاراستنی ژینگە و پاکڕاگرنتنی شار و ناوچەکانیان و فڕێنەدانی زبڵ و خاشاک لەسەر شەقام و جادە و مەنهۆڵەکان.







