سەرۆکی حکوومەت لە سەردانەکەیدا بەشە جیاوازەکانی پڕۆژەکەی بەسەرکردەوە و لەگەڵ تیمە ئەندازیارییەکان و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە گفتوگۆی کرد و جەختی لەسەر جێبەجێکردنی کارەکان بە بەرزترین کوالێتی و ستانداردی نێودەوڵەتی و تەواوکردنی لە وادەی دیاریکراودا کردەوە.
پڕۆژەی "ڕێڕەوی ژیان" یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژە خزمەتگوزاری، ژینگەیی و گەشتیارییەکانی پایتەخت کە لەلایەن ئەندازیارانی ناوخۆ و ڕاوێژکارانی ئیتاڵییەوە دیزاین کراوە، ئامانج لێی گۆڕینی ناوچەیەکی پەراوێزخراو و چەقی کۆبوونەوەی ئاوەڕۆ و پاشماوەکانە بۆ ناوچەیەکی سەوزی مۆدێرن و گەشتیاری بە درێژایی زیاتر لە 25 کیلۆمەتر کە چەندین پارک، دەریاچە، کەناڵی ئاوی پاک، ڕێڕەوی لافاو، ئاوەڕۆی سندووقی، و شوێنی پشوودان لەخۆدەگرێت.
تەواوبوونی ئەم پڕۆژە گرنگە، جگە لە ڕەخساندنی سەدان هەلی کاری نوێ بۆ گەنجان، سیمایەکی شارستانی و گەشاوە بە پایتەخت دەبەخشێت و هاوکات دەبێتە بەربەستێکی سەرەکی بۆ پاراستنی گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی هەولێر لە مەترسییەکانی لافاو و کێشە ژینگەییەکان.







