لە بەیاننامەکەی YNDKدا هاتووە، ئەمڕۆ دووشەممە 9ی تشرینی دووەم، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا داوای لە هەردوو لایەنی سەرەکی (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) کرد پێکەوە کۆببنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی، هاوکات داوای کرد لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکەن تاوەکو پێکەوە حکوومەتێکی بنکەفراوان و نیشتمانی پێکبهێنن کە وەڵامدەرەوەی ویست و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان بێت.
مەکتەبی سیاسیی YNDK ئاماژەی بەوە کردووە: لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆک بارزانی بەردەوام بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان دەستپێشخەریی هەبووە؛ پەیامەکەی ئەمڕۆشی لە کاتێکی زۆر هەستیار و گرنگدایە کە بۆ دۆخی کوردستان و هاوکێشەکانی ناوچەکە سوودی زۆری دەبێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکات بە دەم ئەم بانگەواز و دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانییەوە بچن و پێکەوە هاوکار و پشتیوان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی.







