گوژمەی دارایی ئەم پڕۆژانە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دابین کراوە، و لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێردا کارەکانیان بە شێوەیەکی چڕ بەڕێوەدەچێت.
پڕۆژەی یەکەم (شەقامی هەولێر – قوشتەپە): دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی بە درێژایی 17 هەزار مەتر، لەگەڵ دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی بە درێژایی 2 هەزار مەتر لە چوارچێوەی پەرەپێدانی شەقامەکەدا.
پڕۆژەی دووەم (نێوان شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتری): دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆی لوولەیی بە درێژایی زیاتر لە 17 هەزار مەتر، هاوشانی ئاوەڕۆی سندووقی بە درێژایی 4,500 مەتر لەسەر شەقامی 60 مەتری لە نێوان شەقامە خێراکانی 120 مەتری و 150 مەتریدا.
بە تەواوبوونی ئەم کارانە، بە کۆی گشتی 35 هەزار مەتر ئاوەڕۆی لوولەیی و 6,500 مەتر ئاوەڕۆی سندووقی دەکەونە خزمەت پایتەختەوە، کە کاریگەرییەکی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوەیان لەسەر ڕێگریکردن لە لافاو، نەمانی کێشەی کۆبوونەوەی ئاوی باران و پاراستنی ژێرخانی شەقام و گەڕەکەکانی دەوروبەری دەبێت.







