لە دیدارەکەدا، شاندی میوان ستایشی ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری هەرێمی کوردستانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش کرد. هاوکات سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ پەیوەندیی پتەوی نێوان هەردوو وڵات دەربڕی، بەتایبەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و دەستگیرکردنی تاوانباراندا. شاندی سویدی ئامادەییی وڵاتەکەیانی نیشاندا بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی چاکسازیی هێزەکانی پۆلیسی کوردستان.
لای خۆیەوە، وەزیری ناوخۆ خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە و ئەزموونی سەرکەوتووی پێکەوەکارکردنی هەردوولا لە شەڕی دژ بە تیرۆر و جۆرەکانی تاوانی ڕێکخراو دەربڕی، سوپاسی حکوومەتی سویدیشی کرد بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی لە هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا، لەگەڵ حەواندنەوەی ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانی کوردستان کە لە مێژوودا وڵاتی سویدیان وەک پەناگەیەکی ئارام لە کاتی تەنگانەدا هەڵبژاردووە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی کردەوە لە پێناو پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و لێپرسینەوە لە تاوانباران.







