ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەم، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کارهکانی لووتکەی ئاووهەوا لە شاری ئەنتالیای تورکیا، لەگەڵ مەسعوود پزشکیان، سەرۆکی کۆماری ئێران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران، چۆنیهتیی پتەوکردنیان و فراوانکردنی ئاسۆکانی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا لهسهر بنهمای بەرژەوەندیی هاوبەش، تاوتوێ کران.
ڕەوشی ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکانی، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. تیایدا هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە شەڕ و ململانێکان خزمەت بە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک ناکەن و گفتوگۆ، لێکگەیشتنی هاوبهش و ڕێگەچارە دیپلۆماسییەکان باشترین ڕێگەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکانی وڵاتانی ناوچەکە و بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوانیان کردەوە، بە شێوەیەک کە ببێتە مایەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەدیهێنانی ئاشتییهکی بهردهوام و لە خزمەتی بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەکەدا بێت.
چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.







