تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمەریکی لە زاری 7 بەرپرسی وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردەوە، بەپێی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییە نوێیەکان، تاران بژاردەی بەئامانجگرتنی بەرپرسانی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە واشنتۆنی پایتەخت تاوتوێ دەکات، جا چ لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەو تەقەمەنییەی کە بە "بۆمبی پیس" ناسراوە، یاخود لە ڕێگەی چەکی کیمیایییەوە بێت.
لە بەرامبەردا، کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئەوان لە نزیکەوە چاودێریی سەرجەم هەڕەشە ئەگەرییەکان دەکەن، بەڵام لە ئێستادا هیچ هەڕەشەیەکی جدی و باوەڕپێکراو بۆ سەر خاکی ئەمەریکا لە ئارادا نییە. بەپێی تۆڕەکە، بەرپرسانی واشنتۆن هێشتا لە گفتوگۆدان سەبارەت بە توانای ڕاستەقینەی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی لەو شێوەیە؛ سەرچاوە ئاگادارەکانیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە زانیارییەکان تەنیا نیشاندەری ئامادەکاریی بژاردەکانن و هیچ بەڵگەیەک نییە کە تاران بڕیاری کۆتاییی بۆ جێبەجێکردنی هێرشەکە دابێت یان پەلامارەکە دەستبەجێ بێت.
هاوکات دوو سەرچاوە بۆ "سی ئێن ئێن" دووپاتیان کردووەتەوە کە بەرپرسانی ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سیناریۆیە. وەزارەتی جەنگیی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) پرسیارەکانی لەم بارەیەوە ئاراستەی نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی کردووە، بەڵام نووسینگەکە ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک بدات.
لەلایەکی دیکەوە، نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامێکدا بۆ تۆڕەکە ڕایگەیاند، "تاران لەژێر هەر بارودۆخێکدا بێت بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ڕەت دەکاتەوە" و ئەو تۆمەتانەشی بە هەڵبەستراو ناوبرد، بەڵام وەڵامەکەی نوێنەرایەتیی ئێران بە ڕوونی باسی لە پرسی "بۆمبی پیس" نەکرد.
جێی ئاماژەیە، دەستەواژەی "بۆمبی پیس" بۆ ئەو جۆرە تەقەمەنییە بەکاردێت کە ماددەی تیشکدەر لە ڕێگەی تەقینەوەیەکی تەقلیدییەوە بڵاو دەکاتەوە و جیاوازە لە چەکی ئەتۆمی، چونکە تەقینەوەی ئەتۆمیی لێ ناکەوێتەوە. ئەم گرژییە هەواڵگرییانەش هاوکاتە لەگەڵ چەقبەستنی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، بەتایبەت لەسەر پرسی گەمارۆکانی ئەمەریکا و کردنەوەی گەرووی هورمز.







