لە پەیامەکەی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا هاتووە: بەبۆنەی ڕۆژی زمان و کولتووری پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خوشک و برایانی پێکهاتەی تورکمان دەکەین. خوشک و برایانی تورکمان پێکهاتەی ڕەسەنی کوردستانن، بە درێژاییی مێژوو ڕۆڵێکی بەرچاویان لە دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ، ئەدەب و هونەری ئەم نیشتمانەدا هەبووە و هەمیشە بەشێکی دانەبڕاو بوون لە خەبات و بنیاتنانەوەی کوردستاندا.
پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە چوارچێوەی ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانیدا، بەپێی بڕیاری ژمارە 1ـی ساڵی 2020، ڕۆژی 17ـی 11ـی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی زمان و کولتووری تورکمانی دیاری کردووە و ئەم یادە بەرز ڕادەگرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە: لە هەرێمی کوردستان بڕوای تەواومان بەوە هەیە کە فرەزمانی و فرەکولتووری سەرچاوەی هێز و جوانیی هەرێمی کوردستانە و بنەمای سەرەکیی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەهێزکردنی زیاتری قەوارە و دامەزراوە نیشتمانییەکانمانە. لەم یادە پیرۆزەدا، جارێکی دیکە جەخت لەسەر قووڵکردنەوەی کولتووری پێکەوەژیان، لێبوردەیی، پاراستنی ناسنامە و مافەکانی پێکهاتەی تورکمان و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە دەکەینەوە.







