پەیامنێری ئاژانسی "فرانس پرێس" لە مەنامە ئاشکرای کرد کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە پایتەختی بەحرەین بیستراوە. هاوکات تەلەڤزیۆنی فەرمیی بەحرەین لە هەواڵێکی بەپەلەدا ڕایگەیاند: سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە دەستدرێژییە ئاسمانییەکانی ئێران لە ئاسمانی شانشینی بەحرەین تێکبشکێنن و پووچەڵی بکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "سپاهـ نیوز"ی زمانحاڵی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، درۆنە هێرشبەرەکانیان بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ئۆپەراسیۆنێکی وردیان ئەنجام داوە و تێیدا سیستەمێکی ڕاداری سەر بە هێزەکانی ئەمەریکایان لە بنکەی ئاسمانیی "شێخ عیسا" لە بەحرەین کردووەتە ئامانج. سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکە لە وەڵامی "پێشێلکارییە بەردەوامەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە سەربازییەکانی ئەمریکا بووە بۆ سەر ئاسمانی ئێران."
پێش ڕاگەیاندنی هێرشەکەش، وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین پەیامێکی هۆشداریی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکەی کرد و داوای لێکردن ئارام بن، بەرەو نزیکترین شوێنی ئارام بچن و شەقامە سەرەکییەکان قەرەباڵغ نەکەن لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گشتیدا.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەکان دوای ئاگربەستی مانگی نیسان (کە بە نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان کرا) کەم ببووەوە؛ بەڵام بەحرەین کە بنکەی سەربازیی ئەمەریکا تێدایە، لە دوای لێدانە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتدا، جارێکی دیکە بووەتەوە بە ئامانجی هێرشە درۆنییەکانی سوپای پاسداران.







