ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند: "عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە بۆ دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی پێویست بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئەو جۆرە سیستەمە بەرگرییانەی کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستە پێشکەوتووەکانی هەڕەشەکانی جیهانیان هەیە، بە شێوەیەک کە پاراستنی ژینگەی ئابووریی عێراق و دڵنیاکردنەوەی جومگە هەستیارەکانی پەیوەست بە ئابووریی وڵات مسۆگەر بکات".
حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بەوەش دا: "حکوومەتی عێراق هەر زوو پێویستیی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکانی بە پشتیوانیی زیاتر لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا دەستنیشان کردووە، بەتایبەت لەگەڵ پەرەسەندنی ئەو تەکنەلۆژیایانەی لە جەنگەکانی ناوچەکە و جیهاندا بەکار دەهێنرێن، چونکە چیتر گونجاو نییە بە هەمان ئەو تەکنەلۆژیایانەی کە 20 ساڵ پێش ئێستا بەکار دەهێنران، مامەڵە لەگەڵ جەنگ و ئامرازەکانیدا بکرێت".
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕوونیشی کردەوە کە جەنگە مۆدێرنەکان ئێستا پشت بە شێوازی تێکەڵاو و پێشکەوتوو دەبەستن لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ئامراز و شێوازی بێپێشینەوە و گوتی: "کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکایەتیی دەکات، بەردەوام بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کڕینی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانیان دەکەن، بەپێی خشتەیەکی کاتی و ڕێکاریی دیاریکراو".







