بەپێی نووسراوێکی فەرمیی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە ژمارە (1257) کە لەلایەن فەریق ئەوەل روکن عەبدولئەمیر شەمەری واژۆ کراوە، ڕەزامەندی لەسەر دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکان لە قەرەباڵغی و کەرتی جورفولنەسڕ دراوە و ئەرکەکان بەمشێوەیە دابەش کراون:
- لیوای 38ـی فیرقەی 10ـی سەر بە وەزارەتی بەرگری لە "ساتیری یاحوسێن" تا چوارڕیانی فازڵیە لە سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار جێگیر دەبێت.
- لیوای 17ـی پۆلیسی فیدراڵی سەربە وەزارەتی ناوخۆ، ناوەندی ناحیەی جورفولنەسڕ لە ڕووباری فوراتەوە بەرەو ڕۆژهەڵات تا ڕێگای مسەیب – فازڵیە لە ڕۆژئاوا دەگرێتە دەست.
- هەردوو لیوای 72 و 79ـی دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕێگای مسەیب – فازڵیەوە تا سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا جێگیر دەکرێن.
- فەوجێکی پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت دەگرێتە ئەستۆ.
- کردنەوەی بازگەیەکی پۆلیسی بابل لە چوارڕیانی فازڵیە بەرەو مسەیب، لەگەڵ بازگەیەکی پۆلیسی ئەنبار بەرەو عامریەی فەلووجە.
- کردنەوەی ڕێگای سەرەکیی (مسەیب – بەهبەهانی – چوارڕیانی فازڵیە – عامریەی فەلووجە) بەڕووی هاتوچۆدا.
- فەوجێکی دەزگای دژەتیرۆر لە کەمپی حامیە وەک هێزی یەدەگی فەرماندەی گشتی بۆ حاڵەتی لەناکاو ئامادە دەبێت.
ئەم بڕیارە نوێیەی حکوومەت دوای ئەوە دێت کە کۆبوونەوەیەکی باڵای سەرکردە ئەمنییەکان لە بەغدا بەڕێوە چوو، ئەوەش لە سایەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان حکوومەتەکەی عەلی فالح زێدی و "کەتیبەکانی حزبوڵڵا" لەسەر هەبوونی چەکدارەکانیان لەو ناوچەیە.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بەهۆی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە قاچاخچێتیی نەوت لە ناوچەکە، مۆڵەتی دابوو بە کەتیبەکانی حزبوڵڵا کە تاوەکو ڕۆژی هەینی ناوچەکە چۆڵ بکەن بۆ هاتنەناوەوەی هێزە فەرمییەکان، بەڵام کەتیبەکان کشانەوەیان ڕەتکردەوە. جێگەی باسە، جورفولسەخر گرێبەستێکی ستراتیژییە لە نێوان پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار و کەربەلا و لە ساڵی 2014ـەوە لەژێر کۆنتڕۆڵی کەتیبەکانی حزبوڵڵادایە.







