ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای گەیشتنی زانیاری لەبارەی چالاکیی تۆڕێکی تایبەت بە دزین و بازرگانیکردن بە پارچە شوێنەوارییەکان کە بەنیاز بوون پارچەیەکی دەگمەن بە بڕی 750 هەزار دۆلار بە بازرگانێک بفرۆشن، تیمێکی لێکۆڵینەوەی دەستەکە دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، بۆسەیەکی تۆکمەیان لە پارێزگای نەینەوا داناوەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە ئەنجامی ئەو بۆسەیەدا توانراوە یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکرێت کە فەرمانبەرە لە کۆمپانیای گشتیی پێداویستییە کشتوکاڵییەکان لە لقی نەینەوا و پارچە شوێنەوارە دەگمەنەکەشی پێبووە.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش داوە، تۆمەتبارەکە لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی دیکەدا بەشداریی لە فرۆشتنی شوێنەواردا کردووە، هەر بەپێی دانپێدانانەکانیش، ناسنامەی بازرگانێکی تێوەگلاو لەو دۆسیەیەدا ئاشکرا کراوە و فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنینی بۆ دەرچووە تاوەکو ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی ماددەی (40) لە یاسای شوێنەوار و کەلەپووری عێراقی، کۆنووسی دەستبەسەرداگرتن ڕێکخراوە و تۆمەتبارەکە لەگەڵ کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکاندا ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراوە و بڕیاری ڕاگرتنی دراوە.







