چوارچێوەی هەماهەنگی وەك خۆیان بڵاویان كردووەتەوە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ژمارە 301ی خۆیان ئەنجامداوە و پرسگەلێكی گرنگیان سەبارەت بە دۆخی هەنوكەی عێراق باسكردووە و دواتریش لە پەراوێزی كۆبوونەوەكەی خۆیان پێشوازییان لە شاندێكی پارێزگای سلێمانی كردووە.
وەك لە ڕاگەیەنراوەكەیاندا هاتووە، شاندەكە لە نزار ئامێدی سەرۆك كۆمار و بافل تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید پێكهاتوون. لەم هەفتەیە ئەوە دووەم سەردانی ئەو گروپەیە بۆ بەغدا. بەپێی ئەو ڕێپێوانەی نێوان سلێمانی و بەغدا بێت دۆخەكە لە سلێمانی تەنگەتاوە و ئەم دوو كەسە جاری ڕابردوو نەیانتوانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ببینن. ئەمجارەیان سەرۆك كۆمار بووە بە ئەندامی (شاندی سلێمانی) تا بتوانێت مواجەهەیەكی سەرۆك وەزیرانیان بۆ وەربگرێت، ئەویش لە پەراوێزی كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی.
راگەیەنراوەكەی چوارچێوەش بە ڕوونی دەڵێت "شاندێكی پارێزگای سلێمانی". ئەم جوملەیە لەلایەن چاودێرانی سیاسی دوو تێبینی دروستكردووە یەكەمیان شاندی پارێزگای سلێمانی نەك هەرێمی كوردستان، دووەمیشیان ناوی فەخامەتی سەرۆك كۆمار لەنێو ئەندامەكانی شاندی ئەو پارێزگایەیە، ئەوەی جێگەی پرسیارە كە بۆچی ڕاگەیەنراوەكەی چوارچێوە هەواڵەكەی بەم شێوەیە داڕشتووە؟







