ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری یاسایی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی کە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە پەخشکرا، ڕایگەیاند: "ئەمەریکا لە وەڵامەکەیدا بۆ پێشنیازەکەی ئێران، جێبەجێکردنی هەندێک لە مەرجەکانی بۆ قۆناغەکانی دواتر دواخستووە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە لە سایەی ئەم بارودۆخەدا ناتوانرێت بگەینە هیچ لێکتێگەیشتنێک".
کازم غەریب ئابادی ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمەریکا سەلماندوویەتی جێگەی متمانە نییە و گوتی: "پێش هەموو شتێک، پێویستە ئەمەریکا گەرەنتیی پێویست بدات کە سەرجەم مەرجەکانی ئێران جێبەجێ دەکرێن". هاوکات ئاشکرایکرد کە ماوەی پلانی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە حەوت ڕۆژەوە بۆ دوو ڕۆژ کەم کراوەتەوە.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جارێکی دیکە مەرجە حەوت خاڵییەکەی وڵاتەکەی بەبیر هێنایەوە و جەختی کردەوە کە تاران لە دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتیدا بەردەوام نابێت.
مانگی ڕابردوو ئێران پێشنیازێکی هەموارکراوی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا پێشکەش کردبوو، کە تێیدا داوای هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران، هەڵگرتنی سزاکان، ڕاگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکان، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوە، پێدانی قەرەبووی جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل، پێدانی گەرەنتیی ئەمنی و داننان بە بەڕێوەبردنی هاوبەشی گەرووی هورمز لەلایەن ئێران و عوممانەوە کردبوو، بەڵام تا ئێستا ئەمەریکا بەشێک یان تەواوی ئەو مەرجانەی ڕەتکردووەتەوە و لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و سیاسەتی "خنکاندنی ئابووری" دژی ئێران بەردەوامە.







