بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئوردن بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر سێ تاوانباردا سەپاند، کە دەستیان هەبوو لە ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکەی 23ـی تشرینی یەکەمی ڕابردوو لە شارۆچکەی "حەموود"ـی سەر بە پارێزگای کەرەک.
بڕیارەکەی دادگا دوای ئەوە هات کە هەرسێ تۆمەتبارەکە بە زنجیرەیەک تۆمەتی تاوانکاریی مەترسیداری پەیوەست بە هێرشەکەوە تاوانبارکران، لەوانە: "ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی بە هاوبەشی کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی مرۆڤ (9 جار دووبارە بووەتەوە)، ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی بە بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی بە هاوبەشی (2 جار دووبارە بووەتەوە)، هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە کردەوەی تیرۆریستیدا بە هاوبەشی، پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی بە چەک، هەروەها بانگەشەکردن بۆ بیروبۆچوونی گرووپێکی تیرۆریستی".
هاوکات دادگا یەکێک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکەی بە تاوانێکی دیکەش سزا دا کە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی پارە بە مەبەستی پاڵپشتیی دارایی کردەوە تیرۆریستییەکان، ئەوەش بەپێی حوکمەکانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیی دارایی تیرۆر و یاسای ڕێگریکردن لە تیرۆر.
جێی ئاماژەیە، ئەو بڕیارانەی دادگای ئاسایشی دەوڵەت کە سزای لەسێدارەدانیان تێدایە، شیاوی تانەلێدانن (تەمیزکردنەوە) و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و بە حوکمی یاسا ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە دەکرێن بە مەبەستی وردبینیکردن تێیاندا.







