ئەمڕۆ شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە میانی وتارێکدا لەبەردەم کۆمەڵەی فیدراڵییەکان کە دوێنێ هەینی پێشکەشی کرد، لێدوانەکەی پێشووتری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای دووپات کردەوە کە ڕایگەیاندبوو جەنگەکە لە ڕووی سەربازییەوە بە شێوەیەکی کردەیی کۆتایی هاتووە.
مارکۆ ڕوبیۆ گوتی: "لە ئێستادا بە ڕاشکاوی ئەو زیانە ئابوورییەی بەو ڕژێمەی دەگەیەنین هێندە توندە کە هیچ پێویستییەک بە کاری سەربازیی زیاتر ناکات، چونکە زۆر لاوازمان کردوون، بەڵام پێم وایە سەرکەوتن لەوەدایە دڵنیا ببینەوە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمییان نابێت".
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دانی بەو زیانە ئابوورییانەشدا نا کە بەهۆی جەنگەکەوە بەر هاووڵاتییانی ئەمەریکا کەوتوون، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کاریگەریی لەسەر تەواوی کەرتەکانی ئابووریی جیهان دروست کردووە. ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ ترەمپ ئاسان بوو مەترسییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پشتگوێ بخات و بۆ سەرۆکی دوای خۆی جێبهێڵێت، بەڵام بڕیاری دا بەبێ چارەسەر نەیهێڵێتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، مارکۆ ڕوبیۆ ڕەخنەی توندی لە "بەکارهێنانی یاسای نێودەوڵەتی وەک چەک" گرت و هێرشی کردە سەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، هۆشداریشی دا لە سەپاندنی ئەو یاسایانەی کە ئەمەریکا دانیان پێدا نانێت، هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە یاسای نێودەوڵەتی دژی زۆربەی بڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ بەکار هێنراوە.







