بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە ئاماژەی بەوە کردبوو: لە کۆتاییدا ئەوان (ئێرانییەکان) دەبێت نان بخۆن، ڕایگەیاند ئەم لێدوانە هەڕەشەیەکی ئاشکرا و بێشەرمانەیە بۆ سەپاندنی برسێتی بەسەر ئێرانییەکاندا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران زیادی کرد کە ئەم جۆرە لێدوانانە دانپێدانانێکی نوێیە بەوەی ئەمەریکا نییەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگی هەیە، ئەوەش درێژکراوەی تۆماری پڕ لە تاوانی واشنتنە لە جەنگە دەستدرێژیکارانەکانی ڕابردووی و ئەو تیرۆرە ئابوورییە بەردەوامەی بەرامبەر بە گەلان پەیڕەوی دەکات.
بەقائی ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمەریکا لە دوای چەندین دەیە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی هەڕەشە، سزا، تیرۆر و دەستدرێژیکردن، هێشتا لە شوێنی خۆی دەخولێتەوە و هەمان هەڵە دووبارە دەکاتەوە بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی ئەنجام بدات، بەڵکو تەنیا هەمان سیاسەت بە دروشم و ناونیشانی نوێ دووبارە پێشکەش دەکاتەوە.







