لە کۆبوونەوەکەدا، کە بریکارانی وەزارەتی ناوخۆ، دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی، فەرماندەیی هێزە وشکانییەکان، پۆلیسی فیدراڵی، جێگری ئۆپەراسیۆنەکانی دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکان بەشدار بوون، سزا و ڕێکارە یاساییەکان دژ بەو ئەفسەر و بەرپرسانە تاوتوێ کران کە کەمتەرخەمییان لە ئەرکەکانیاندا بەرامبەر بە قاچاخچێتیی نەوت سەلمێنراوە.
ڕاگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەبووان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەقاچاخبردنی نەوت دەستدرێژییە بۆ سەر سامانی گشتی و پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەتە، بۆیە بەبێ هیچ سازش و جیاکارییەک یاسا بەسەر سەرپێچیکاراندا دەسەپێنرێت. هەروەها بڕیار درا بە خێراکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ داواکراوان، چڕکردنەوەی چاودێریی بازگەکان و تووندوتۆڵکردنی پاراستنی بۆری و دامەزراوە نەوتییەکان تاوەکو ڕێگری لە هەر پێشێلکارییەکی هاوشێوە لە ناوچەکەدا بکرێت.







