دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی دەرچوونی لە کەنداو لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، بە تەقەمەنییەکی نەناسراو کراوەتە ئامانج.
بەپێی ڕاگەیەندراوی دەستەکە، هێرشەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ژووری بزوێنەری (مەکینەی) کەشتییەکەدا، ئەوەش لە کاتێکدایە کە مەترسی و هەڕەشەکان بۆ سەر هێڵی کەشتیوانی لەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا بەردەوام لە هەڵکشاندایە.
دەستەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ زیانێکی گیانی لە نێو دەستەی کەشتیوانەکاندا تۆمار نەکراوە، هاوکات قەبارەی زیانە ماددییەکان و هەر لێکەوتەیەکی ژینگەیی لە ئەنجامی هێرشەکە تاوەکو ئێستا بە تەواوی ڕوون نین و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.







