ئاڵۆزییەکانی نێوان زەیدی و کەتائیبی حزبوڵڵا هاوکاتە لەگەڵ گوشارە بەردەوامەکانی واشنتۆن لەسەر بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە نزیکەکان لە تاران؛ کارێک کە زەیدی لە دوای دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی بەر لە زیاتر لە 6 مانگ بەڵێنی جێبەجێکردنی دابوو، لە بەرامبەردا کەتائیبی حزبوڵڵا پێداگری لەسەر پاراستنی چەکەکانی دەکاتەوە و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی بە هەڵبەستنی دۆسیەی قاچاخچێتی بۆ سەر چەکدارەکانی تۆمەتبار کردووە.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند کە سەرۆک وەزیران فەرمانی بە هێزە چەکدارەکان کردووە بچنە نێو ناوچەی جورف سەخر، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە مۆڵەتێک دیاری کراوە بۆ چوونەدەرەوەی ئەو گرووپە چەکدارە لە ناوچەکە و ئەم وادەیەش دوور نییە. لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە کە وادەی مۆڵەتەکە تا ڕۆژی هەینییە.
پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق 9 بەرپرسی باڵای لە کەرتی ئەمنی و وزە لە کارەکانیان دوورخستەوە، ئەوەش دوای لێکۆڵینەوە لە گومانی قاچاخچێتیکردن بە نەوت لە سنووری جورف ئەلسەخر لە پارێزگای بابل، هەروەها بڕیاری ڕەوانەکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی بۆ بەردەم دادگا دەرکرد. بەپێی زانیارییەکان، پرۆسەی بەقاچاخبردنی نەوتەکە لە ڕێگەی کونکردنی بۆڕییەکان و عەمبارکردن و گواستنەوەی بووە بەرەو بەغدا کە ساڵانێکی درێژە لەلایەن گرووپە چەکدارەکەوە ئەنجام دەدرێت.
حکوومەتی عێراق ڕێکەوتی 30ـی حوزەیرانی 2027ـی وەک وادەی کۆتایی بۆ ڕادەستکردنی چەکی سەرجەم گرووپەکان دیاری کردووە و لە هەمان کاتدا لە دانوستان لەگەڵیان بەردەوامە، ئەمەش لە کاتێکدایە واشنتۆن سزای بەسەر چەند دامەزراوەیەکی عێراقیدا سەپاندووە بە تۆمەتی تێکەڵکردنی نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی عێراق بۆ دەربازبوون لە سزاکان.







