بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە هەڵمەتێکی فراوانی پۆلیسدا لە چەند شارێکی تورکیا و باکووری کوردستان، 7 ئەندام و سەرکردەی هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان هەڤبەندی دەستبەسەرکران. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئۆپەراسیۆنەکە بە بڕیاری دادگای کۆماری لە شاری ئامەد دەستیپێکردووە و بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ 51 ئەندامی هاوپەیمانییەکە دەرکراوە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، لە ئەنقەرەی پایتەخت بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان پەسەکە و حەسەن داغتەکین، جێگری سەرۆکی هەمان پارت دەستبەسەرکران. هاوکات لە شاری ئامەد عەلی ئۆنجو، نوێنەری کەسایەتییە سەربەخۆکان، لە مێردین فوئاد ئۆنەن، ئەندامی پەلکورد لەگەڵ 2 ئەندامی پارتی نیشتمانیی کوردستان دەستگیرکران.
لە بەرامبەردا، هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئۆپەراسیۆنەکەی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا 7 کەس لە ئەندامانیان دەستگیرکراون کە بریتین لە: بایرام بۆزیەل، فوئاد ئۆنەن، محەممەد جان ئازبای، ڕۆژبین بوکون، عەلی ئۆنجو، حەسەن داغتەکین و عەلی چەڤەن.
جێی ئاماژەیە، هەڤبەندی پلاتفۆرمێکی سیاسییە کە لە کۆنفرانسی 7ـی تشرینی دووەمی 2026 لە ئامەد بە بەشداریی 170 سیاسەتمەدار و کەسایەتیی سیاسی دامەزرا و لە 9ـی هەمان مانگدا بە فەرمی ڕاگەیەندرا. ئامانجی سەرەکیی ئەم پلاتفۆرمە بریتییە لە داننان بە مافە نیشتمانییەکانی گەلی کورد، مافی چارەی خۆنووسین، مسۆگەرکردنی پێگەی سیاسی و ناسنامەی نەتەوەیی لە دەستووردا، هاوکات پتەوکردنی هاوپشتیی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەر 4 پارچەی کوردستان.







