دەستەی دەستپاکی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، تیمێکی بەشی لێکۆڵینەوە و پشکنین لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سەڵاحەددین، سەردانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردن و تۆماری خانووبەرەیان لە قەزای بەلەد کردووە، لەوێ چاودێریی بوونی ژمارەیەک نووسینگەی نایاسایییان لەنێو ئەو دوو فەرمانگەیەدا کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تیمەکە توانیویانە بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی قەزای بەلەد دەستگیربکەن، بەهۆی ئەوەی بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی فەرمی و یاسایی، ڕێگەی بە 2 نووسینگەی کۆپیکردن و مامەڵە داوە لەنێو فەرمانگەکەدا کار بکەن. هاوکات بەرپرسی کۆگای فەرمانگەکەش دەستبەسەر کراوە بە تۆمەتی ڕادەستکردنی دۆسیە و پەڕاوی فەرمیی هاووڵاتییان بەو نووسینگانە بە پێچەوانەی یاسا و ڕێنمایییەکان.
هەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، 5 تۆمەتباری دیکە دەستگیرکراون کە لەنێو هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردن و تاپۆدا ئەو نووسینگانەیان بەڕێوەبردووە و کاری دەڵاڵی و ڕاییکردنی نایاساییی مامەڵەکانیان کردووە، هەروەها دەست بەسەر چەندین پەڕاو و دۆسیەی هاووڵاتییاندا گیراوە کە لەنێو نووسینگەکاندا بوون.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە پارێزگای سەڵاحەددین، بڕیاری ڕاگرتنی سەرجەم تۆمەتبارانی بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکردووە.







