ئەمڕۆ شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی پیرۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بوومەلەرزەکە شەوی هەینی کاتژمێر 07:09 خولەک بە کاتی ناوخۆ (00:09 بە کاتی گرینیچ)، لە دووریی 30 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای شاری خونین و لە قووڵایی 129 کیلۆمەتر ڕوویداوە، هاوکات دەستەی ڕووپێویی جیۆلۆجیی ئەمەریکاش گوڕی بوومەلەرزەکەی بە 6.7 پلە و قووڵاییەکەی بە نزیکەی 108 کیلۆمەتر تۆمار کردووە.
ڕافائیل بیلۆندی، وەزیری بەرگریی پیرۆ ڕایگەیاند: "دوای بوومەلەرزەکە، هەواڵی کەوتنەوەی زیان بە خانووەکانی چەند بەشێکی جیاوازی شاری خونین و پچڕانی تەزووی کارەبا تۆمار کراوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەر هاووڵاتییان نەکەوتووە".
هاوکات پەیامنێرانی ئاژانسی (فرانس پرێس) لە لیمای پایتەخت ئاماژەیان بەوە داوە کە لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەکەدا سەدان کەس باڵەخانەکانیان لە گەڕەکی میرافلۆرێس چۆڵ کردووە و دانیشتووانی لیما، هوانۆکۆ و کایاو هەستیان بە لەرزینەکە کردووە و ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
لای خۆیەوە، هێرناندۆ تاڤێرا، سەرۆکی پەیمانگەی جیۆفیزیایی پیرۆ بە فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە کە لەرزینی زەوییەکە بەهێز بووە و بووەتە هۆی داڕمانی زەوی و کەوتنەخوارەوەی بەرد لە قەدپاڵی گردەکان، ناوەندی ئۆپەراسیۆنە فریاگوزارییە نیشتمانییەکانی پیرۆش جەختی کردووەتەوە کە چاودێریکردنی ناوچە مەترسیدارەکان بەردەوامە.
وڵاتی پیرۆ دەکەوێتە سەر پشتێنەی ئاگرینی زەریای هێمن و ساڵانە لانیکەم 400 بوومەلەرزە تێیدا ڕوودەدات، لە مانگی تەممووزی ئەمساڵیشدا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلە لە هەمان ناوچەی خونین بووە هۆی گیانلەدەستدانی 6 کەس، برینداربوونی 32 کەسی دیکە و وێرانبوونی 52 خانوو.







