پڕۆژەیاساکە لە لایەن عۆدێد فۆرێر، ئەندامی کەنێسێت لە پارتی "ئیسرائیل بێتەنو" و بە ناوی ئەو هاوپەیمانێتییەی کە لەلایەن گادی ئایزینکۆت، سەرۆکی پارتی "یەشار"ەوە سەرکردایەتی دەکرێت، پێشکەش کراوە، ئەوەش بە ئامانجی سنووردارکردنی قۆرخکاریی دەسەڵات و چەسپاندنی پرەنسیپی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە وڵاتەکەدا.
بەپێی پڕۆژە پێشنیازکراوەکە، هەموارکردنەوە لە مەرجەکانی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران دەکرێت لەگەڵ دانانی میکانیزمێکی یاسایی بۆ لەسەرکارلادانی سەرۆکوەزیران لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا، لە ئەگەری ئەوەی ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاریی قورس ببێتەوە کە شیاوی ئەو پۆستەی نەهێڵێتەوە. فۆرێر لە لێدوانێکیدا بۆ پێگەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" گوتی: "پۆستی سەرۆکوەزیران موڵکی کەسێکی دیاریکراو نییە و پێویستە یاسای ڕوون بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات و گێڕانەوەی متمانەی گشتی بە دامەزراوەکان هەبێت."
خستنەڕووی ئەم پڕۆژەیاسایە لە کاتێکدایە کە دادگاییکردنی بنیامین نەتانیاهۆ بە تۆمەتی بەرتیلوەرگرتن، ساختەکاری و ناپاکی لە ئەمانەت بەردەوامە؛ نەتانیاهۆ خاوەنی درێژترین ماوەی سەرۆکایەتیکردنی حکوومەتە لە مێژووی ئیسرائیلدا بە زیاتر لە 19 ساڵ لە سێ قۆناغی جیاوازدا، لەنێویاندا 12 ساڵی بەسەریەکەوە بووە لە نێوان 2009 بۆ 2021.
پڕۆژەکە لە قۆناغی سەرەتایی یاساداناندایە و پێویستی بە تێپەڕاندنی گفتوگۆ و پرۆسەی دەنگدانە لە نێو هۆڵی کەنێسێت بەرلەوەی ببێتە یاسایەکی کارپێکراو.







