ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بە ناونیشانی ئاسۆی وزەی جیهانی 2026 بڵاوی کردەوە، تێکچوونی پرۆسەی هەناردەکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە لە ماوەی ئەمساڵدا، گەورەترین شۆکی لە کەرتی وزەی جیهانیدا دروست کردووە کە لێکەوتەکانی تاوەکو مانگی تشرینی دووەم بەردەوام بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم زیانانە بێبەشبوونی بازاڕەکانی لە 60 ملیار مەتری سێجا گازی سروشتیی ناوچەی کەنداویش لەخۆگرتووە. هاوکات خستنەڕووی سووتەمەنیی دیزڵ کە بڕبڕەی پشتی ئابووریی جیهانە، تووشی گوشارێکی بێوێنە بووە و نرخی هەر بەرمیلێک 200 دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمەش باری دارایی لەسەر بەکارهێنەران لە سەرتاسەری جیهان بە شێوەیەکی بەرچاو قورس کردووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا خواستی جیهانی لەسەر نەوت بە بڕی 2.7 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە پاشەکشە بکات کە ئەمەش یەکەم دابەزینی ساڵانەیە لە دوای ساڵی 2020ـەوە، هەروەها لە لووتکەی قەیرانەکەدا خستنەڕووی نەوت لە جیهاندا ڕۆژانە 16 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە. لە هەمان کاتدا خواستی جیهانی لەسەر گازی سروشتی بە ڕێژەی 1.5% (هاوتای 65 ملیار مەتری سێجا) دابەزیوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە خەمڵاندوویەتی کە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی کۆمەڵگەی (ڕەئس لەفان) بۆ بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی شلکراو (LNG) لە قەتەر، کە گەورەترین ناوەندی جیهانە، نزیکەی 3 ساڵی پێدەچێت، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 17 ملیار مەتری سێجا توانای بەرهەمهێنانی ساڵانە لەو کۆمەڵگەیە لەکار کەوتووە. ڕاپۆرتەکە جەختی کردووەتەوە کە لێکەوتەی قەیرانەکە لەسەر گازی شل لە نەوت قورستر بووە بەهۆی نەبوونی هیچ ڕێڕەوێکی بەدیل لە دەرەوەی گەرووی هورمز بۆ گواستنەوەی بۆ بازاڕەکانی جیهان.







