لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (ئاپیک - APEC) لە شاری شێنژن، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتین دەستیان بە دانوستانە دووقۆڵییەکانیان کرد، بەر لەوەی گفتوگۆیە سێقۆڵییە چاوەڕوانکراوەکەیان لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین ئەنجام بدەن.
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن کۆشکی کرێملینەوە بڵاو کراوەتەوە، لە دەستپێکی دیدارەکەدا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە: بە تامەزرۆیییەوە چاوەڕوانی کۆبوونەوەکەمانین. ساڵانێکی درێژ پەیوەندییەکی نایاب لەنێوانماندا هەبووە و دەمێکە یەکتر دەناسین، لەو بڕوایەدام دەکرێت زۆر شتی باش لەم کۆبوونەوەیە بێتە بەرهەم، یاخود لانیکەم لێرەوە دەست پێ بکات.
هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا لە میانی قسەکانیدا ڤلادیمیر پوتینی بە هاوڕێ وەسف کرد، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەشێکی ئەرێنی لە دەستپێکی گفتوگۆکاندا.
ئەم کۆبوونەوە گرنگەی نێوان سەرکردەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا پێشەکییەکە بۆ لوتکە مێژووییە سێقۆڵییەکەی شاری شێنژن لەگەڵ سەرۆکی چین، کە تێیدا دۆسیە نێودەوڵەتییەکان، سەقامگیریی ئابووری و هاوسەنگییە سیاسییەکانی جیهان تاوتوێ دەکرێن.







