ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی لەگەڵ سەرۆکانی ئەمەریکا و چین دەرفەتێکی گرنگە و گوتی: پێشبینی دەکەم کۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان سەرکردەکانی ڕووسیا، چین و ئەمەریکا کە بڕیارە لە پەراوێزی لوتکەکەدا بەڕێوە بچێت، زۆر بەسوود و ئەرێنی بێت.
لەلایەکی دیکەوە، میدیا فەرمییەکانی مۆسکۆ و پەکین بڵاویان کردەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، هەردوو سەرۆکی چین و ڕووسیا دەستیان بە گفتوگۆ دووقۆڵییەکانیان کردووە؛ ئەمەش تەنیا یەک ڕۆژ پێش سازکردنی لوتکە مێژووییە سێقۆڵییەکەی شاری شێنژن دێت لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا.
ئەم گفتوگۆ و دیدارانە لە پەراوێزی لوتکەی کۆڕبەندی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (APEC) لە شاری شێنژن لە باشووری چین بەڕێوە دەچن، هاوکات ئەمە 5ـەمین دیداری نێوان پوتین و شی جینپینگە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا.







