پۆلیسی لەندەن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو ئەفسەرە سەربازییە لەژێر لێکۆڵینەوەی چڕدایە لەسەر تۆمەتی پەیوەندیدار بە سیخوڕیکردن و زیانگەیاندن بە ئاسایشی نەتەوەیی. ئاماژە بەوەش کراوە کە لێکۆڵەرانی بەریتانی پێش گواستنەوەی لێکۆڵینەوەکە، لەگەڵ داواکاری گشتیی وڵاتەکەیان و بەرپرسانی واشنتۆن ڕاوێژی تەواویان کردووە و بڕیاری ڕادەستکردنەوەی دراوە.
لۆڕێنس تایلۆر، یاریدەدەری کۆمیسیاری پۆلیس و سەرۆکی یەکەی دژەتیرۆری بریتانیا گوتی: ئەم تۆمەتانە لەوپەڕی مەترسیدان، ئەم هەماهەنگییە هاوبەشەشمان پەیامێکی بەهێزە کە بە خێرایی و بە توندی ڕووبەڕووی هەر چالاکییەکی سیخوڕیی لەم شێوەیە دەبینەوە.
لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) ڕایگەیاند، ئەو ئەفسەرە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشدا لەنێوان ئۆفیسی فیلادلفیا، پاشکۆی یاسایی لەندەن، پۆلیسی دژەتیرۆری بریتانیا، دەزگای هەواڵگریی ناوخۆ (MI5)، هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی بریتانیا و سوپای ئەمەریکادا دەستبەسەر کراوە. هاوکات کاش پاتێل، بەڕێوەبەری FBI دووپاتی کردەوە کە ئەم دەستگیرکردنە سەلمێنەری سیاسەتی "لێبوردەییی سفرە" بەرامبەر هەر کەسێک کە سوێندی سەربازی بشکێنێت و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا بخاتە مەترسییەوە.
بەپێی زانیارییەکان، پۆلیسی دژەتیرۆری بریتانیا لە 10ـی ئەم مانگەدا لە نزیک شاری گلۆستەر لە ڕۆژئاوای ئینگلتەرا ئەو سەربازەی دەستگیر کردبوو. سەرچاوە فەرمییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو وڵاتە بیانییەی گومانی لێ دەکرێت زانیارییەکانی پێ درابێت ڕووسیایە، بەڵام دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین هەر جۆرە پەیوەندییەکی مۆسکۆی بەم دۆسیەیەوە بە تەواوی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: ئەم بابەتە بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و لێی بێئاگاین.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زنجیرەیەک کێشەی ئەمنی لە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە بەریتانیا تۆمار کراون، بە جۆرێک ڕۆژێک پێش دەستگیرکردنی ئەو ئەفسەرەش، واشنتۆن ژمارەیەک فڕۆکەی سووتەمەنیپێدانی لە بنکەی میلدهنهاڵـی شاهانە کێشایەوە.







