بەپێی دەقی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی نێوان هەرسێ سەرۆک (دۆناڵد ترەمپ، شی جینپینگ و ڤلادیمیر پوتین)، هەرسێ زلهێزەکەی جیهان پابەندبوونی خۆیان دووپات کردەوە بە دەستپێکردنی دیالۆگ و گفتوگۆیەکی هاوبەش لەبارەی کەمکردنەوەی مەترسییە ئەتۆمییەکان، لەپێناو دوورخستنەوەی جیهان لە هەڕەشەی چەکی کۆمەڵکوژ و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قەیرانی وزە و دابەزاندنی گوشارە ئابوورییەکان لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەریکا، چین و ڕووسیا پێکەوە کار دەکەن بۆ بەهێزکردن و زیادکردنی بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییە پاڵێوراوەکان بە جۆرێک کە هاوسەنگی بۆ بازاڕەکانی سووتەمەنی بگەڕێنێتەوە.
لە تەوەرێکی سەرەکیی دیکەی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەدا، سەرۆکی هەرسێ وڵات بەڵێنیان دا کە تەواوی هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پاراستنی سەقامگیریی ستراتیژی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و کاراکردنی میکانیزمی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش وەک نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ قۆناغی داهاتووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لێکدەدرێتەوە.







