ئەمڕۆ شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاشکرایکرد، پاشەکەوتی نەوتی ئێران لە دەریادا کۆتایی هاتووە و ئاماژەی بەوەش دا کە ڕەنگە تاران هەرگیز داهاتی نەوتە فرۆشراوەکانی پێشووی وەرنەگرێتەوە.
وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا گوتی: "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دابڕاندنی ئابووریدا کە دوو مانگ و نیوە دەستیپێکردووە، گەورەترین گەمارۆ و گۆشەگیریی ئابووری لە مێژووی جیهاندا بەسەر ئێراندا سەپێنراوە و بۆ یەکەمجار لەوەتەی ئێران نەوت بەرهەم دەهێنێت، هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگریان لە دەریادا نییە و نەوتی ئێران بۆ کڕین دەست ناکەوێت".
سکۆت بێسێنت ئاماژەی بەوەش دا کە لە بەرامبەردا، شەوی ڕابردوو گەورەترین بڕی نەوتی خاو لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئاشکرایکرد کە لە نێوان ئەمەریکا، ڕووسیا و چیندا کۆدەنگییەک دروستبووە لەسەر دوو پرسی سەرەکی، یەکەمیان ئەوەیە کە ئێران هەرگیز نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دووەمیشیان ئەوەیە کە ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا پارێزراو بێت و سازشی لەسەر نەکرێت.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی تارانیش، سکۆت بێسێنت گوتی: "من بە هیچ شێوەیەک لە هەڕەشەی ئێرانییەکان ناترسم، ئەگەر ئەوان بەدوای منەوەن، ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی زۆر بە توندی گوشاریان کەوتووەتە سەر و تەنگیان پێ هەڵچنراوە، ئێمەش بەردەوام دەبین لە گوشارخستنە سەر سوپای پاسداران تا ناچار دەبن مل بۆ ڕێککەوتنێکی پابەندکەر بدەن".







