لیوا تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بەردەوامە و زنجیرەیەک ئامانجی سەربازیی لە پارێزگاکانی سەنعا، سەعدە و تەعز پێکاوە؛ هاوکات هێزەکان توانای بەکارخستنی بەندەری حودەیدەیان کردووەتە ئامانج کە بۆ قاچاخچێتی و گواستنەوەی چەک و مووشەک بەکاردەهێنرا.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕوونی کردەوە، لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینییەوە هێرشەکان لە سەنعا چڕکراونەتەوە و تێیدا تواناکانی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە ئامانج. لەو چوارچێوەیەشدا 7 پێگەی سەربازی و 6 وەرشەی دروستکردن و کۆکردنەوەی سەکۆی هاویشتنی مووشەکی بالیستی و درۆن تێکشکێنراون.
مالیکی گوتیشی: ئۆپەراسیۆنەکە لەناوبردنی یەکێک لە کۆگا سەرەکییەکانی دابینکردنی چەک و کەرەستەی سەربازیی حوسییەکانی لە شاری سەنعا لەخۆگرتووە، لە پێناو بێکاریگەرکردنی هەڕەشەکان و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان.







