بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، لە ئێستادا لە بڵندگۆی مزگەوت و حوسەینییەکانی ناوچەی جورفولسەخر دەنگی خوێندنەوەی «مەقتەل»ـی ئیمام حوسەین (ڕۆژی عاشوورا) بڵاودەکرێتەوە، ئەمەش لە ڕووی مەیدانییەوە وەک ئاماژەیەکی دەستپێکی ئامادەباشی و کۆکردنەوەی چەکداران بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و جەنگێکی خوێناوی لێکدەدرێتەوە.
هاوکات، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرجەم یەکە سەربازی و ئەمنییەکانی خستووەتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە (ئینزاری پلە یەک) و بڕیار وایە کاتژمێر 6ـی بەرەبەیانی سبەی هەینی، هێزە هاوبەشەکان دەست بە چوونەناوەوەی ناوچەکە بکەن بۆ جێبەجێکردنی پلانی دووبارە دابەشکردنەوەی قۆڵە ئەمنییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی ڕێگاکان.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چاوەڕوان دەکرێت پاش کەمێکی دیکە ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، لەبەردەم دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بەیاننامەیەکی فەرمی و یەکلاکەرەوە سەبارەت بە هەڵوێستی گروپەکەی لەسەر کشانەوە یان ڕووبەڕووبوونەوە پێشکەش بکات.







