نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی لە میانی پێشوازیکردنی لە فەرماندەی بارەگای کۆنتڕۆڵ لە جورفولسەخر و جێگرەکەی، بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی فیدراڵ و بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، پاکێجێک لە ڕێنمایی گرنگی پێشکەش کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە بە "پەلەکردن لە کردنەوەی سەرجەم ڕێگا داخراوەکانی ناحیەی جورفولسەخر" و جەختیشی کردەوە کە سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان بەپێی دەستوور و یاسا شکۆی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا دەسەپێنن.
زەیدی گوتیشی: حکوومەت بەردەوامە لەسەر پاراستنی گیان و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان لە هەر ناوچەیەکی وڵاتدا بێت و ڕێگری لە هەر جۆرە دەستدرێژی و پێشێلکارییەک دەکات بۆ سەر مافە گشتی و تایبەتییەکان. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە هێزە ئەمنییەکان بە سەرجەم پێکهاتە و جۆرەکانیانەوە وەک یەک جەستەن و تەواوکەری ئەرکەکانی یەکترن.







