ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی هۆزەکانی پارێزگای بابلدا چەندین پەیامی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراون و ڕایانگەیاند: "هۆشداری دەدەینە حکوومەت لە خستنەمەترسیی ئاسایشی جورفولنەسڕ، چونکە ئەم هەنگاوە جارێکی دیکە ڕێگە بۆ کارەسات و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا خۆش دەکات."
هۆزەکانی بابل داوایان کرد پرسی گەڕانەوە نەکرێتە کارتی گوشاری سیاسی یان ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی "داخوازییە دەرەکییەکان (ئەمەریکا)". هاوکات وەبیریان هێنایەوە کە پێش ئازادکردنی لە دەستی چەکداران، ناوچەی جورفولنەسڕ وەک پێگەیەک بۆ هاویشتنی مووشەک و ناردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق بەکاردەهات.
لە لایەکی دیکەوە، هۆزەکانی کەربەلا لە کۆبوونەوەکەدا دژایەتیی خۆیان بۆ هەر گۆڕانکارییەکی نائاسایی لە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە دەربڕی و ڕایانگەیاند، هەر دروستبوونی کەلێنێکی ئەمنی لە جورفولنەسڕ، کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئاسایشی مەزارگە پیرۆزەکان و سەلامەتیی زیارەتکاران لە شاری کەربەلا.
ئەم کاردانەوەیەی هۆزەکان هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئەم دواییەی حکوومەتی عێراق بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان و پۆلیسی فیدراڵی لە کەرتی جورفولسەخر، دوای دروستبوونی گرژی لەگەڵ چەکدارانی کەتیبەکانی حزبوڵڵا.







