بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کە لەلایەن فەریق ڕوکن عەبدولئەمیر شەممەری دەرکراوە، فەرماندەی گشتی ڕەزامەندیی لەسەر پلانی بڵاوەپێکردنەوە و دابەشکردنی ئەرکە ئەمنییەکانی جورفەلنەسر دەربڕیوە بەم شێوازەی خوارەوە:
وەزارەتی بەرگری: لیوای 38 لە فیرقەی 10ـی سوپای عێراق، ئەرکی پاراستنی ئەو کەرتە لە ئەستۆ دەگرێت کە لە ساتری (یا حسێن)ـەوە تاوەکو ترافیکی فازلییە و سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار درێژ دەبێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ: لیوای 17ـی پۆلیسی فیدراڵی ئەرکی پاراستنی سەنتەری ناحیەی جورفولنەسر دەگرێتە ئەستۆ، لە ڕووباری فورات لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕێگەی (موسەییب - فازلییە) لە ڕۆژئاوا.
دەستەی حەشدی شەعبی: هەردوو لیوای 72 و 79 ئەرکی پاراستنی کەرتی نێوان ڕێگەی (موسەییب - فازلییە) تا سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا وەردەگرن.
پۆلیسی وزە: فەوجێکی سەر بە پۆلیسی وزە بە مەبەستی پاراستن و ڕێگریکردن لە هەر دەستدرێژی و قاچاخچێتییەک، هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت لەو ناوچەیە دەگرێتەدەست.
بازگە و ڕێگاوبان: ڕێگەی سەرەکیی (موسەییب - بەهبەهانی - ترافیکی فازلییە - عامریەی فەلووجە) بە ڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە و دوو بازگەی ئەمنی لەلایەن پۆلیسی بابل و پۆلیسی ئەنبار دادەنرێن.
هێزی یەدەگ: فەوجێکی سەر بە دەزگای دژەتیرۆر لە کەمپی حامییە وەک هێزی یەدەگی فەرماندەی گشتی دەمێنێتەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر بارودۆخێکی کتوپڕ.
پێشتریش فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە نووسراوێکدا پێشنیازی کردبوو کە ناوچەکە لەلایەن لیواکانی حەشد (72، 79 و فەوجی هێزە تایبەتەکان) بپارێزرێت و هێڵەکانی نەوتیش ڕادەستی پۆلیسی وزە بکرێن، کە لە چوارچێوەی پلانی نوێدا پەسەندکراوە.







