ئەمڕۆ هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، فەریق ڕوکن ئەحمەد حاتم حەمید، فەرماندەی بارەگای کۆنترۆڵکردن لە جورفولسەخر کردنەوەی بارەگاکەی ڕاگەیاند و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا گوتی: "ڕێگای کۆنترۆڵکراو لە جورفولسەخر کراوەتەوە و لە ئەمڕۆوە پڕۆسەی بڵاوەپێکردنی هێزەکان و ڕێکخستنەوەی ئەرکەکان دەستپێدەکات".
ئاماژەی بەوەش دا کە کردنەوەی ڕێگاکانی ناوچەکە لە سبەی شەممەوە دەستپێدەکات و بەپێی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراویش ئاڵوگۆڕ بە یەکە سەربازییەکان لە جورفولسەخر دەکرێت.
لای خۆیەوە، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە هەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ڕێگای ناوچەی فازڵیە بەرەو پارێزگای کەربەلا لە کاتژمێر 06:00ـی بەیانیی سبەینێوە دەکرێتەوە و لە سەرەتادا ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلە مەدەنییەکان دەدرێت".
سەعد مەعن جەختیشی کردەوە، وێستگەی جورفولسەخر وێستگەیەکی گرنگە و پۆلیسی وزە دەستی بە ئەرکەکانی کردووە بۆ پاراستنی بۆرییە نەوتییەکانی ناوچەکە.
هاوکات فەرماندەی پۆلیسی وزەی عێراق ڕوونیکردەوە کە بەرپرسیارێتیی ئەوان پاراستنی تۆڕی بۆرییە نەوتییەکانە لە سەرتاسەری عێراقدا، لەنێویاندا تۆڕێک بە درێژایی 100 کیلۆمەتر کە 5 کیلۆمەتری دەکەوێتە ناوچەی جورفولسەخر و ئاشکرای کرد کە فەوجێکی هێزی کۆماندۆ بۆ پاراستنی ئەو هێڵە بۆرییە لە ناوچەکەدا جێگیرکراون.







