ئەمڕۆ هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بانگەوازێکی ئاراستەی هەموو ئەو پێکهاتە و هێزانە کرد کە لە ناوچەی جورفولسەخر جێگیر کراون و تێیدا ڕایگەیاند: "ئێستا کە ئێوە قۆناغێکی گرنگ لە مێژووی عێراقدا دادەڕێژن، دوو ڕاسپاردم هەیە کە لەگەڵ قارەمانێتیی ئێوەدا بگونجێن، ئەوانیش دانبەخۆداگرتن و حیکمەتە، چونکە ئێمە لە جەنگدا نین، هەموو ئەوانەی لەوێن براتانن و هیچ دوژمن و نەیارێک لە نێوانتاندا نییە".
عەلی زەیدی لە بانگەوازەکەیدا ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو قۆناغە ڕۆحیەتی لەخۆگرتن هەڵدەگرێت نەک پەراوێزخستن و هەمووان لەنێو هێزە چەکدارەکاندا لەژێر یەک ئاڵا، یەک فەرماندەیی و یەک یاسادا کۆدەبنەوە، جەختیشی کردەوە: "بڕیارمان نەگۆڕە، هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نابێت، هیچ چەکێک نییە جگە لە چەکی عێراق، هیچ بڕیارێک نییە جگە لە بڕیاری عێراق و هیچ ئاڵایەکیش لە سەرووی ئاڵای عێراقەوە نابێت".
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی گەلی عێراق کرد بۆ پشتیوانیکردن لە دەوڵەت و هێزە چەکدارەکان لە پاراستنی سامانی وڵات و پووچەڵکردنەوەی گەندەڵی و یاخیبوون و گوتی:"ئێوە سەلماندتان کە کاتێک عێراق یەکدەگرێت هیچ شتێک لە بەردەمیدا ناوەستێت، لە جورفولسەخرەوە سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا دەستپێدەکات تا ڕووبەڕووی هەر گەندەڵی و چەکێکی بێمۆڵەت ببینەوە و عێراقێکی یەکگرتوو، بەهێز و دادپەروەر بونیات بنێین کە دەستوور و یاسا حوکمی دەکات".







