فەرماندەییی پۆلیسی کەرخ لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی، لەسەر ڕاسپاردەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، وەزیری ناوخۆ و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، لیوا عەدنان حەسەن حەمەد، فەرماندەی پۆلیسی کەرخ، بە شێوەیەکی مەیدانی سەرپەرشتیی کردنەوەی پردی فازڵیەی کرد، بۆ ئەوەی دوای ساڵانێکی درێژ لە داخرانی، دووبارە بخرێتەوە خزمەت جموجۆڵی هاووڵاتییان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ ئاسانکاریکردن لە هاتوچۆی هاووڵاتییان و ئۆتۆمبێلەکان لە نێوان هەردوو پارێزگای بەغدا و بابل، بەتایبەتی بەرەو ناحیەی جورفولنەسڕ (جورفولسەخر)، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستەنگ و بارگرانیی هاتوچۆ لەسەر شانی خەڵکی ناوچەکە.
هەروەها پۆلیسی کەرخ ڕوونی کردەوە کە هاوکات لەگەڵ کردنەوەی پردەکە، بازگەی پردی فازڵیەش دەستبەکار بووە، تاوەکو لە پاڵ ئاسانکاریکردن بۆ هاتوچۆ، ئەرکە ئەمنییەکانیشی لە پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان و چاودێریکردنی ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکە بەڕێوە ببات.







