شاندەکە بە سەرۆکایەتیی سلێمان ئۆسۆ، سکرتێری پارتیی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان – سووریا لە شاری عەفرین لە لایەن هۆرۆ عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیی دیموکراتی کوردستان – سووریا و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی خۆجێییەوە پێشوازییان لێ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی ڕەوشی گشتیی سووریا و بارودۆخی کورد و بزووتنەوەی سیاسیی کوردی لەو وڵاتەدا پاش ڕووخانی ڕژێمی پێشوو کرد.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر پرسی بەستنی کۆنفرانسی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسی)؛ هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پێداچوونەوە و پێشخستنی بەرنامە و سیاسەتە ڕێکخراوەیی، سیاسی و نەتەوەییەکانی ئەنجومەنەکە کردەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ گۆڕانکاری و قۆناغی نوێی سیاسیی سووریا و هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگونجێت.







