ئەمڕۆ شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، تۆڕی هەواڵی (سی بی ئێس نیوز) بڵاویکردەوە کە ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ئاستێکی باڵادا لە گفتوگۆی بەردەوامدان سەبارەت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ لە دژی ئێران.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە پێشتر بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی خێرایی ئێران لە بونیادنانەوەی توانای مووشەکی بالیستی و گواستنەوەی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی بۆ نێو تونێلە ژێرزەمینییەکان دەربڕیوە.
بەپێی زانیارییەکانی سی بی ئێس نیوز، ئیسرائیل پێی باشترە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ ئەمەریکا ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بە تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناو ببات.
لای خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشیی بەرگریی بۆ بەرزترین پلە بەرز کردووەتەوە تا ڕووبەڕووی هەر کاردانەوە و هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئێران ببێتەوە.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا تا ئێستا هەڵوێستی ڕوونی لەسەر دەرکردنی فەرمانی ئەم هێرشە نوێیە نەبووە و ڕایگەیاندووە پەلەیان نییە لە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە، هەرچەندە گفتوگۆکان لە نێوان هەردوولادا بەردەوامن.







