ئەمڕۆ شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران فەرمانی کردووە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بۆ زانینی وردەکارییەکانی ڕووداوی تەقینەوەی وێستگەی کارەبای هارسە لە پارێزگای بەسرە و دیاریکردنی هۆکارەکان و ئەو لایەنانەی کە بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، عەلی زەیدی، وەزارەتی تەندروستی و پارێزگای بەسرەی ڕاسپاردووە هەموو توانا و هەوڵە پزیشکییەکانیان بخەنەگەڕ بە مەبەستی پێشکەشکردنی چاودێریی پێویست بۆ بریندارەکان و بەدواداچوونی دۆخی تەندروستییان تا بە تەواوی چاک دەبنەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیشی کردووەتەوە لەسەر قەرەبووکردنەوەی خێزانی قوربانییان و بریندارەکان و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ زامنکردنی مافەکانیان، سەرەڕای بڕیاردان بە سوودمەندبوونی سەرجەم خێزانە زیانلێکەوتووەکان لە دەستپێشخەریی بۆ دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون.







