ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" بڵاویکردەوە، عەمید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی و بۆشاییگەریی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە تەواوی بوارەکاندا ئامادەی جێبەجێکردنی فەرمانە باڵاکانن، هاوکات جەختیشی کردەوە کە گۆڕەپانی جەنگ لەژێر کۆنتڕۆڵی تاراندایە و چەکی پێشکەوتوو و تۆقێنەریان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان پەرەپێداوە.
عەمید مووسەوی ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی توانای هێرشبەری و بەرگریی تاران کرد و گوتی: "لە ماوەی نێوان دوو جەنگدا تواناکانی هێزی ئاسمانی و بۆشاییگەر زیادیان کردووە؛ لە نێو ئەم دەزگایەدا کەرەستەی کاریگەر، بێوێنە و چەکی تۆقێنەر و پێشپێگر (ڕادع) بەرهەم هێنراون کە دەبنە مایەی شۆک و سەرسوڕمان بۆ نەیاران."
فەرماندەی هێزی ئاسمانی و بۆشاییگەریی سوپای پاسداران دووپاتی کردەوە: "بە فیداکاری و هەوڵی چەکدارەکانمان، تەواوی مەیدانەکە لەژێر دەستی ئێمەدایە و ئێمە کایەی گۆڕەپانی جەنگ دیاری دەکەین."
ناوبراو لە کۆتایی پەیامەکەیدا هۆشداری دا کە سوپای پاسداران لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسی و هەڕەشەیەکدا، هیچ جۆرە دوودڵییەک ناکات.







