دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی شەممە 21ی تشرینی دووەم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز" گوتی: من هەرگیز گرنگییەکی ئەوتۆم بە دەسەڵاتی ئێران نەداوە.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بە پرسی گۆڕینی ڕژێم لە ئێران کرد و گوتی: هەندێک کەس باسیان لە گۆڕینی دەسەڵات دەکرد، بەڵام پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە مەبەست لە گۆڕینی دەسەڵات چییە، چونکە لە ڕاستیدا من تاوەکو ئێستا 2 جار دەسەڵاتم لەو وڵاتەدا گۆڕیوە.
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونی کردەوە: گرووپی یەکەمم لەسەر دەسەڵات لادا، گرووپی دووەمیشم بە هەمان شێوە دوورخستەوە، لە ئێستاشدا مامەڵە لەگەڵ گرووپی 3ـیەم دەکەین، هەر بۆیە دەتوانرێت ئەم بارودۆخەی ئێستا بە گۆڕانی کۆتاییی دەسەڵات لە قەڵەم بدرێت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، دۆناڵد ترەمپ ئارەزووی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێران بگاتە ڕێککەوتنێکی بەردەوام و هەمیشەیی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.







