سێنتکۆم ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا گوتی: "بانگەشەی سوپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بە پێكانی فڕۆکەیەکی ئێف-16 درۆیە؛ سەرجەم فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکی تەواو سەلامەت و پارێزراودان".
ئەم وەڵامەی ئەمەریکا دوای ئەوە هات کە سوپای ئێران لە بەیاننامەیەکدا ئیدیعای کردبوو، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمەریکیی جۆری "ئێف-16"یان لە ئاسمانی کەنداو شوێنپێهەڵگرتووە و مووشەکێکی بەرگرییان ئاراستە کردووە، بەپێی ئیدیعاکەی تاران، مووشەکەکە لە نزیک فڕۆکەکە تەقیوەتەوە و زیانی پێگەیاندووە.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە کاتێکدایە کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان ئێران لە لایەک، و ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە، بە شێوەیەکی بەردەوام لە هەڵکشاندایە کە لە 28ـی شوباتی ڕابردووەوە بە لێدانی زنجیرەیەک ئامانج لە نێوخۆی ئێران دەستی پێکرد و بە هێرشی وەڵامدانەوەی تاران بەردەوامیی هەیە.







