بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارەکانی «لووتکەی جیهانیی لاوان» لە شاری هەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو. سەرۆکوەزیران لە گفتوگۆیەکی کراوەدا لەگەڵ بەشداربووان، تیشکی خستە سەر وێستگەکانی ژیانی تایبەتی و خەباتی خۆی، چەمکی سەرکردایەتیکردن و دیدگای کابینەی نۆیەم بۆ پشتیوانیکردنی لاوان.
لە دەستپێکی گوتەکانیدا، مەسرور بارزانی ڕوو لە لاوان ڕایگەیاند: گەنج خۆی خاوەنی ئەم وڵاتەیە، داوایان لێدەکەم باشترین پەیوەندییان لەگەڵ خاک و وڵاتی خۆیان هەبێت و ڕەگ و ڕیشەی خۆیان دابکوتن. سەرۆکوەزیران داوای لە لاوان کرد بەردەوام بن لە پێشکەوتن و گوتی: سنوور بۆ سەرکەوتنەکانتان دامەنێن و نەڵێن بەسە، تا دەتوانن بەرەوپێشەوە بچن. پێویستە نەوەی نوێ بزانێت ئەم دەستکەوتانەی ئەمڕۆ هەن چۆن بەدەستهاتوون.
سەبارەت بە دەستپێکی خەباتی، سەرۆکی حکوومەت ئاشکرای کرد: لە تەمەنی 16 ساڵیدا و بە ویست و حەزی خۆم بوومە پێشمەرگە؛ هەمیشە شانازیم بە کەسە گەورەکانەوە دەکرد کە پێشمەرگە بوون، هەر لە باوکمەوە تا ئەوانی دیکە.
لە بارەی قۆناغی خوێندنی زانکۆش لە بەریتانیا و ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد: بە جددی دەمخوێند و بوومە یەکێک لە یەکەمەکان، چونکە دەمویست هاوپۆلەکانم بزانن کە کورد کەسێکی زیرەک و جددییە. جەختیشی کردەوە کە تەکنەلۆژیا هەرگیز ناتوانێت جێگرەوەی فێربوونی زمان بێت و زمان هێز و توانای زیاتر بە مرۆڤ دەبەخشێت.
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە کاتی بەتاڵ، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: زۆر کاتم نییە، بەڵام ئەگەر کاتم هەبێت لەگەڵ خێزانەکەم بەسەری دەبەم، هەروەها حەزم لە ئەسپسواری و وێنەکێشانە. لەبارەی یارییە ئەلیکترۆنییەکانیش بە زەردەخەنەوە گوتی: زۆر لە یاریی ئەلیکترۆنی نازانم، ئارینی کوڕم زۆرجار لە یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا لێی دەبردمەوە،
سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی کردەوە و ڕایگەیاند کە پێگەی جەماوەری ئەرکی سەرکردە قورستر دەکات و متمانەی گەل گرنگترین بنەمایە. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە مەرج نییە بەرپرسیاریەتیت هەبێت تا خزمەت بکەیت، بەرپرسیاریەتیی تاکەکەسی زۆر گرنگە. لە بەشێکی دیکەشدا باسی لە دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد کە بە ناوی بارزانی نەمرەوە کراوە، بەو پێیەی هەموو تەمەنی بۆ خزمەتی گەل تەرخان کردبوو، ئێستاش دەزگاکە بووەتە ناوەندێکی مرۆیی جیهانی.
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکوەزیران باسی لە پلانە ئابوورییەکانی حکوومەت کرد و ئاشکرای کرد: "لە سەرەتای دروستبوونی کابینەی 9 سیاسەتی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتمان گرتەبەر، بەتایبەت لە کەرتی کشتوکاڵ کە ئێستا بەرەو بازاڕی جیهانی هەنگاوی ناوە، هەروەها لە کەرتی گەشتوگوزاریش ئاسانکاریی زۆرمان کردووە کە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار. لە کۆتاییشدا ئاماژەی بە پڕۆژەی گەشانەوە کرد وەک هەنگاوێکی کرداریی حکوومەت بۆ پاڵپشتیکردنی گەنجان و ڕەخساندنی دەرفەتی کاری نوێ بۆیان.







