ئەم دەستپێشخەرییە دوای ئەوە دێت کە ڕاگەیەندراوەکەی دوو ڕۆژ لەمەوبەری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ناردنی هێز بە ناوی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و وێستگەکانی نەوت، کاردانەوە و ناڕەزایەتیی زۆر توندی سەرکردایەتیی سیاسی و سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە و بڕیارەکە بە توندی ڕەتکرایەوە.
لە پاش ئەو کاردانەوانە، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کرد بۆ سازکردنی کۆبوونەوەیەک لەژێر ناوی (دیالۆگی نیشتمانی)، تاوەکو لە ڕێگەی ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەردوولا کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەربکرێن.
لەم بارەیەوە، ڕۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەولێر هەڵوێستی هەرێمی ڕاگەیاند و گوتی: بانگهێشتی ئەو دیالۆگە کراوین و بەشداری دەکەین، بەڵام هیچ کاتێک دەستبەرداری مافەکانی گەلی خۆمان نابین.







